Homeهەواڵلەئەکادیمیاى کوردى پەردە لەسەر پەیکەرى پێنچ شاعیرى گەورەى کورد لادرا

لەئەکادیمیاى کوردى پەردە لەسەر پەیکەرى پێنچ شاعیرى گەورەى کورد لادرا گرنگ

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ پێنج شەممە, 26 حوزەیران 2014 10:43

لەئەکادیمیاى کوردى  پەردە لەسەر پەیکەرى پێنچ شاعیرى گەورەى کورد لادرا

لە ئەکادیمیاى کوردى رۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى 25/6/2014 کاتژمێر(10:30)ى بەیانى، لە ناو تەلارى ئەکادیمیاى کوردى، پەردە لەسەر پەیکەرى پێنچ شاعیرى گەورەى کورد: ئەحمەدى خانى، نالى، مەولەوى، حاجى قادرى کۆیى و شێخ ڕەزاى تاڵەبانى لادرا. کەسانێکى زۆر لە مامۆستاو و نووسەر و ئەدیب و ئەدەب دۆستان ئامادەى ئەم مەراسیمە بوون، پەیکەرەکان لەلایەن پەیکەرتاشى ناسراوى کورد و دەست ڕەنگینى شارى (سنە)، هادى زیائەدین دروستکراون .

 د. نوورى تاڵەبانى سەرۆکى ئەکادیمیاى کوردى لە مەراسیمى پەردەلابردن لەسەر پەیکەرانى پێنج گەورە شاعیرى کورد کە خزمەتی زۆریان بە شیعر و ئەدەبى کوردى کردووە و شیعرەکانیشیان بوونەتە هۆى دەوڵەمندکرنى فەرهەنگی کوردی، نموونەى ژیرى و دانایى و نیشتمان پەروەرى بوون بۆ نەوەکانى پاش خۆیان وتى، ئەکادیمیاى کوردى ئەمڕۆ لەناو هۆڵى تەلارى ئەکادیمیا پێنج پەیکەری بۆ بەشێک لەو شاعیرانە دروست کردووە، کە لەلایەن پەیکەرتاشە دەست ڕەنگینەکەى شارى (سنە)، کاک (هادى زەیائەدین) دروستکراون، سوپاسى دەکەین و هیواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازین. خۆشحاڵین کە بەشێک لە مامۆستاو و نووسەر و ئەدیب و ئەدەب دۆستان ئامادەى ئەم مەراسیمە بوون، زۆر بەگەرمى جارێکى تر بەخێرهاتنى هەموویان دەکەمەوە.

ئەو پەیکەرانەى کە بۆ پێنج گەورە شاعیرى کورد: (ئەحمەدى خانى) و (نالى) و (مەولەوى) و( حاجى قادرى کۆیى) و (شێخ رەزاى تاڵەبانى) دروستکراون، ئومێدەوارین لە ئایندەدا پەیکەرى دیکەش بۆ چەند زانا و نووسەر و ئەدیب و مێژونووسى تر بکەین، ئەگەر بارى دارایى ئەکادیمیا باشتر بێت!

پەیکەرى یەکەم هى (خانى) شاعیر و عارفى گەورەى کوردە، کە زیاتر لە چوار سەد ساڵ لەمەوبەر داواى لە کورد کردووە یەکبگرن و ئاگادارى یەکریزى خۆیان بن. (مەم و زین) یەکێکە لە بەرهەمەکانى خانى، کە دەمێکە وەرگێڕاوەتە سەر چەند زمانێکی بێگانە، بەو هۆیەوە ناوى (خانى) و ئەو بەرهەمە شیعرییەى لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە.

(خانى) لە بنەماڵەێکى ئایینى هەڵکەوتووە، لە ساڵى 1650 لە شارى (بایەزید) هاتۆتە دونیاوە، لە ساڵى 1707 هەر لەو شارە کۆچى دوایى کردووە.

پەیکەرى دووەم بۆ (نالى) شاعیرى گەورەى شارەزوور و سلێمانی یە. ناوى مەلا خدرى کوڕى ئەحمەد شاوەیسە، لە تیرەى مکاییلى عەشرەتى جاف و لە گوندى خاک و خۆل نزیکى ڕووبارى تانجەرۆ، لە ساڵى 1800 هاتۆتە دونیاوە. پاش تێکچوونى بارى میرنشینیى بابان، (نالى) ڕێگاى غوربەت دەگرێتە بەر و ڕوو دەکاتە شام. بەڵام کە دەبیستێ شارەکەى بەرەو بارودۆخێکى خراپتر ڕۆیشتووە، وەکو لەو پارچە شیعرە بەناوبانگەى کە بۆ هاوڕێیانى و خەڵکى سلێمانى ناردووە و لە سەرەتاکەیدا دەڵێ: " قوربانى تۆزى ڕێگەتم..."، ڕێگاى ئەستەموول دەگرێتەبەر و لەوێ بزر دەبێ! ئەویش وەکو (حاجى قادر) لە غوربەت سەرى ناوەتەوە و گۆڕبزربووە.

پەیکەرى سێیەم بۆ (مەولەوى) شاعیرى عیرفان و ستایشە، بڕوا ناکەم شاعیرێکى تر وەکو (مەولەوى )وەسفى جوانيى سروشتى کوردستانى کردبێت .

مەولەوى ناوى مەلا عەبدوڕەحیمى کوڕى مەلا سەعیدى (تاوەگۆزی)یە، لە ساڵى 1806 لە گوندى (سەرشاتە)ى ناوچەى تاوەگۆزى لە باشوورى زێى سیروان لەدایکبووە. بە فەقێیەتى و وەکو مەلا، بەشى زۆرى شار و شارۆچکەکانى کوردستان گەڕاوە، بەڵام دوا ساڵەکانى ژیانێکى  پڕبوون لە مەینەتى، تا لە ساڵى 1882 کۆجى دوایى کردووە و لە گۆڕستانى گوندى (سەرشاتە) بە خاکیان سپاردووە. شیعرەکانى مەولەوى بە دیالێکتى (گۆران/ هەورامی)ن.

پەیکەرى چوارەم بۆ (حاجى قادرى کۆیى)یە، کە کوڕى مەلا ئەحمەدى کوڕى مەلا ساڵحى مەلا ئەحمەدى گەورەیە، لە ساڵى 1816 لە گوندى (گۆڕ قەرەج)ى نزیک کۆیە هاتووەتە دونیاوە. حاجى بە هەتیوى گەورە بووە و بەشى زۆرى ژیانى لە کۆیە بەسەر بردووە، لەبەر هەڵوێستى و بیروڕاکانى ناچار كراوە شارەکەى بەجێ بێڵێ و ڕوو لە ئەستەموول بکات . ئەویش لە غوربەت لە ساڵى 1897 کۆچى دوایى کردووە. حاجى قادر بە لەش دوور بووە لە وڵات، بەڵام هەمیشە بیر و هۆشى لەلاى وڵاتەکەى بووە. بۆ نموونە، کاتێ کە بەهار لە کوردستان سەرى هەڵداوە، حاجى بە خەیاڵ گەڕاوەتەوە بۆ کۆیە ووتوویەتى: 

لە مەیدانى بەهارا شارەکەى کۆ

قوبەى کەشمیرى دا بەرشەق وەکو کۆ

حاجى هەمیشە بیرى لە چارەنووس و دوارۆژى گەلەکەى کردۆتەوە و داواى لێکردوون خەریکى خوێندن و سەنعەتکارى بن، بۆ ئەوەى لەژێردەستى بێگانە رزگاریان بێ. 

دوا پەیکەر بۆ (شێخ رەزاى تاڵەبانى)یە، کە کوڕى شێخ عەبدوڕەحمانى تاڵەبانى زانا و عارف و شاعیرى گەورەى ناوچەى کەرکووک. شێخ رەزا لە گوندى (قرخ) لە ساڵى 1837 هاتۆتە دونیاوە، بەڵام بەشى زۆرى ژیانى لە کەرکووک بەسەربردووە، دوو جار چووەتە ئەستەموول و سەفەرى حیجاز و میسرى کردووە، پێش ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک. لە دوا ساڵەکانى ژیانى لە شارى بەغدا ژیاوە و زاناو و گەورە پیاوانى بەغداى ناسیوە، کە رێزى زۆریان لێگرتووە. شێخ رەزا ئەو شارەى خۆش ویستووە بۆیە وتوویەتى:

گەر بڵێم بەغدا لە جەنەت خۆشترە هێشتا کەمە

چونکە سوکناى (غەوس) و (کەرخى) و (ئیمامى ئەعزەمە)

لە مانگى یەکەمى ساڵى 1910 شێخ رەزا ماڵئاوایى لە دۆستانى کردووە و لە گۆڕستانى شێخ عەبدولقادرى گەیلانى بە خاکیان سپاردووە.

ئه‌م بابه‌ته‌ 611 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ پێنج شەممە, 26 حوزەیران 2014 18:08

« تەمموز 2019 »
٢ شەم ٣ شەم ٤ شەم ٥ شەم هەیینی شەممە ١ شەم
1 2 3 4 5 6 7
8 9 10 11 12 13 14
15 16 17 18 19 20 21
22 23 24 25 26 27 28
29 30 31        

 

 

 

 

 

 

 

Copyright © 2013 Kurdish Academy. All Rights Reserved.