Homeکار و چالاکیڕوونکردنەوەیێک لە ئەنجومەنی ئەکادیمیای کوردییەوە

ڕوونکردنەوەیێک لە ئەنجومەنی ئەکادیمیای کوردییەوە

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ کار و چالاکی پێنج شەممە, 24 تشرینی یەکەم 2013 09:18

 

 

 

ئەنجومەنی ئەکادیمیای کوردی لە کۆبوونەوەی ژمارە (15)ی ڕۆژی یەکشەمە 17/6/2012، بڕیاری دا ئەم ڕوونکردنەوەیەی خوارەوە سەبارەت بە هەموارکردنەوەی قانوونی ئەکادیمیای کوردی بڵاوبکاتەوە:
ئەنجومەنی ئەکادیمیای کوردی، کە باڵاترین دەسەڵاتە لە ئەکادیمیای کوردی، لە ساڵی 2009 دا پرۆژە قانوونێکی بۆ هەموارکردنەوەی قانوونی ئەکادیمیای کوردی ژمارە (12)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو ئامادەکرد. ئەم دەزگایە، کە لە ساڵی 1997 لە هەرێمی کوردستان بەناوی (کۆڕی زانیاری کوردستان) دامەزراوە، درێژەپێدراوی (کۆڕی زانیاری کورد)ە، کە لە ساڵی 1970 دامەزراوە.
پرۆژەی دووەم هەموارکردنەوەی قانوونی ئەکادیمیای کوردی ژمارە (12)ی ساڵی 1997، بە نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەکادیمیا ژمارە (19) لە 21/1/2009، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، ئەویش بەپێی نووسراوی نهێنی ژمارە (970)ی رێَکەوتی 22/4/2010، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی کردووە. پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (199) لە 27/6/2010 خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەکە کردووە و داواى لە هەردوو لێژنەی (پەیوەندییەکان و کاروباری ڕوشنبیریی و ڕاگەیاندن و شوێنەوار) و (قانوونی) کردووە، تا ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی پرۆژەکەوە ئامادە بکەن. پاش نزیکەی دوو ساڵ، پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەکانی ژمارە (14، 15 و 16) لە ڕۆژانی 9، 15، 16/5/2012، بەبێ ئاگاداری و ئامادەبوونی نوێنەری ئەکادیمیای کوردی، تاوتوێی پرۆژە قانوونەکەی کرد. سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی، کە بە پلەی وەزیرە، دەبوو ئەویش وەکو ئەو کەسانەی لە خولی دووەم و سێیەمی پەرلەماندا، پلەی وەزیریان هەبووە لە دەزگاکانیاندا و ئامادەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بوون، ئەویش لەکاتی تاوتوێ کردنی پرۆژەی قانوونی ئەکادیمیا بانگ بکرێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو پرسیارانەی لە لای پەرلەمانتاران پەیدا دەبوون، کە بەداخەوە کەسێک نەبوو وەڵامیان بداتەوە. لەوەش سەیرتر، لە ڕۆژی دووەم و سێیەمدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بانگهێشتکرابوو، کە ئەوەش پێشێلکارییەکی قانوونی تر بوو، چونکە ئەکادیمیای کوردی سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە. ئامادەنەبوونی نوێنەرێکی ئەکادیمیا لەناو هۆلی پەرلەمان، بووە هۆی وروژاندنی چەند پرسیارێک لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە. بۆ نموونە، باس لەوە کرا، کە ئەکادیمیا پرۆژەکەی تەنیا بە زمانی عەرەبی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، ئەویش بەو زمانە ناردوویەتی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان. پرسیار لەوەدایە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان پرۆژەکەی هەر بە زمانی عەرەبی بڵاوکردووەتەوە نەک بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، لەکاتێکدا بەو دوو زمانە بەدەستی گەیشتووە؟ جێگەی داخە پرسیاری بەشێک لە پەرلەمانتاران سەبارەت بە ئەرک و کار وچالاکییەکانی ئەم دەزگا زانستییە جۆرێک ناشارەزایی پێوەدیاربوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ڕاوبۆچوونی جیاواز لەنێو پەرلەمانتاران لەسەر پرۆژەکە دروست ببێ، پەرلەمان لێژنەیەکی هاوبەشی لەو دوو لێژنەیە دروستکرد بۆ کۆکردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان. لە کۆبوونەوەی ژمارەی (23) ی ئاسایی پەرلەمان لە ڕۆژی 7/6/2012، بەشێوەیەکی نا ڕۆشن دەنگ لەسەر پرۆژەکە درا. ئەکادیمیای کوردی بە نووسراوی ژمارە (11) لە ڕێکەوتی 11/6/2012دا، نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی هەرێم کرد، تێیدا داوای کردووە ئەو قانوونە واژۆ نەکات و بۆ پەرلەمان بیگێرێتەوە، چونکە ماددەی یەکەمی پرۆژەکە بەوشێوەیەی هەموارکراوەتەوە، لەگەڵ ئەرک و چالاکییەکانی ئەکادیمیا ناگونجێ. ئەکادیمیا داوای لە سەرۆکایەتی هەرێم کردووە ماددەی یەکەمی پرۆژەکە دەستکاری بکرێت و ئەکادیمیای کوردی تەنیا مەرجەعی باڵا بێت لە بواری زمانی کوردیدا. لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئەکادیمیا ( کۆڕی زانیاری)یان هەیە، ئەو دەزگا زانستییە تاکە سەرچاوە و مەرجەعە سەبارەت بە هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بە زمانی ئەو وڵاتەوە هەیە و لە هیچ وڵاتێکدا دوو مەجەع بۆ زمان دانەنراوە. لە هەرێمی کوردستان ئەکادیمیای کوردی دەبێ مەرجەعی سەرەکی بێت لە بواری زمانی کوردیدا، وەکو کۆڕی زانیاری کورد، کە لە ساڵی 1970 بۆ ئەو مەبەستە دامەزرابوو.

ئەنجومەنی ئەکادیمیای کوردی
هەولێر، 17/6/2012

 

 

 

ئه‌م بابه‌ته‌ 923 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ هەینی, 07 ئازار 2014 14:51

« تشرینی یەکەم 2019 »
٢ شەم ٣ شەم ٤ شەم ٥ شەم هەیینی شەممە ١ شەم
  1 2 3 4 5 6
7 8 9 10 11 12 13
14 15 16 17 18 19 20
21 22 23 24 25 26 27
28 29 30 31      

 

 

 

 

 

 

 

Copyright © 2013 Kurdish Academy. All Rights Reserved.