Homeکار و چالاکیقانوونی زمانى حوكمڕانى (فه‌رمى) له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووانگه‌یێكى قانوونییه‌وه‌

قانوونی زمانى حوكمڕانى (فه‌رمى) له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووانگه‌یێكى قانوونییه‌وه‌

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ کار و چالاکی پێنج شەممە, 09 کانونی دووەم 2014 08:59

ئه‌كادیمیای كوردی به‌پێی ماده‌كانی (4 و 5) له‌ قانوونی ئه‌كادیمیای كوردی ژماره‌ (13)ی ساڵی 1997 هه‌مواركراو كار بۆ یه‌كگرتنی زاراوه‌كانی زمانی كوردی ده‌كات له‌نێو دیالێكته‌ جیاوازه‌كانیدا، تا ده‌گاته‌ زمانی فه‌رمیی یه‌كگرتوو، له‌گه‌ڵ پارێزگاریكردنی زمانی كوردی و پاككردنه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشبردنی. له‌ مادده‌ی (6)ی ئه‌و قانوونه‌دا هاتووه‌ ئه‌كادیمیای كوردی سه‌رچاوه‌ی سه‌روو(مه‌رجه‌عیه‌ته‌) بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌دا باسیان لێكراوه‌. له‌و ڕووانگه‌وه‌ دكتۆر نوورى تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى ئه‌كادیمیاى كوردى ڕاوبۆچوونى خۆى خسته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى ئه‌كادیمیاى كوردى له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌ (4)ى، كه‌ له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ى ڕێكه‌وتی 30/10/2011 به‌سترابوو. ئه‌نجوومه‌ن به‌تێرو ته‌سه‌لى كوفتوگۆى له‌سه‌ر ئه‌و ڕاوبۆچوونانه‌ى كرد وپه‌سه‌ندى كرد. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌ (5)ی ئه‌نجومه‌ن، كه‌ له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ى 04/12/2011 به‌سترابوو، داواى كرده‌وه‌ جارێكى دیكه‌ گوفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و ڕاوبۆچوونانه‌ بكرێت، له‌ئاكامه‌دا ئه‌نجومه‌نى ئه‌كادیمیا ئه‌و پێشنیازه‌ى په‌سندكرد، كه‌ ده‌قه‌كه‌ى ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌یه‌:
"له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تانى ئه‌م جیهاندا قانوون جێبه‌جێ ناكرێت تا له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمی ئه‌و وڵاته‌دا بڵاونه‌كرێته‌وه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌ش كه‌ له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ وا داده‌نرێ كه‌ هاووڵاتیان ئاگادارینه‌و پێى ده‌زانن، بۆیه‌ هیچ كه‌سێك بۆى نییه‌ بڵێت ئاگادارى ده‌رچوونى قانوونێك یان بڕیارێك نییه‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمی بڵاوكرابێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ نه‌بێت، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ خۆى له‌ به‌رپرسیاریه‌تى یان له‌ جێبه‌جێ كردنى حوكمى قانوون ده‌رباز بكات به‌پاساوى ئه‌وه‌ى ئاگادارى ده‌رچوونى ئه‌و قانوونه‌ نییه‌. پرنسیپى ئاگاداربوونى هه‌موو كه‌سێك له‌و قانوونانه‌ى له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ به‌ عه‌ره‌بى پێى ده‌وترێ: (افتراچ علم الجمیع بالقوانین التی تنشر فی الجریده‌ الرسمیه‌)، كه‌ ده‌مێكه‌ له‌ عێراق به‌پێى قانوون كارى پێ ده‌كرێت. له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌پێى قانوونى ژماره‌ (4)ى ساڵى 1999ى تایبه‌ت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمى: (وه‌قایعى كوردستان)، كار به‌و پرنسیپه‌ ده‌كرێت. له‌ مادده‌ى پێنجه‌می ئه‌و قانوونه‌دا هاتووه‌: "وادانراوه‌ ئه‌وه‌ى له‌ (وه‌قایعى كوردستان) بڵاوده‌بێته‌وه‌ هه‌موو كه‌س پێیان زانیوه‌، ئیدیعاكردن به‌ نه‌زانینیان به‌هه‌ند وه‌رناگیرى". هه‌ر له‌وێدا هاتووه‌: "ئه‌وه‌ى له‌ (وه‌قایعى كوردستان) بڵاوده‌كرێته‌وه‌ به‌ده‌قى ڕه‌سمى باوه‌ڕپێكراو ده‌ژمێردرێ و له‌ رۆژى بڵاوبوونه‌وه‌یه‌وه‌ كارى پێ ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر ده‌قێكى تێدا نه‌هاتبێ كه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ بێ".
له‌ وڵاتاندا رۆژنامه‌ى فه‌رمى به‌و زمانه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ كه‌ زمانى حوكمڕانى یه‌ له‌و وڵاته‌دا. له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ى له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمى: (وه‌قایعى كوردستان) بڵاوده‌كرێته‌وه‌ زمانى ڕه‌سمى باوه‌ڕپێكراوه‌، له‌رۆژى بڵاوبوونه‌وه‌یه‌وه‌ كارى پێ ده‌كرێ. ئه‌و شێوه‌ زاره‌ى كه‌ (وه‌قایعى كوردستانى) پێ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ هه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستان قانوونه‌كانى پێ بڵاوده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنێ، كه‌ ئه‌و شێوه‌ زاراوه‌ زمانى حوكمڕانى یه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان. له‌ (وه‌قایعى كوردستان) له‌پاڵ قانوونه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كان، فه‌رمانه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌گه‌ڵ ئه‌و پێڕه‌وانه‌ى كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌سه‌ندیان ده‌كات و ئه‌و ڕێنمایانه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ریانده‌چوێنن، له‌ رۆژى بڵاوكردنه‌وه‌یان كاریان پێ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر كاتێكى تریان بۆ دیارى نه‌كرابێت. له‌و ڕووانگه‌ قانوونییه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نى ئه‌كادیمیاى كوردى ئه‌و شێوه‌ زاره‌ى كه‌ رۆژنامه‌ى (وه‌قایعى كوردستانى) پێ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ به‌ زمانى حوكمڕانى (فه‌رمى) له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌زانێت. سه‌باره‌ت به‌ زمانى خوێندن و په‌روه‌رده‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌نجوومه‌ن به‌ پێویستى ده‌زانێت له‌ژێر چاودێرى ئه‌كادیمیاى كوردى و به‌هاوكاریى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، كه‌سانى پسپۆر و شاره‌زا چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ بكه‌ن، كه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌دا دروستبوون.
هه‌روه‌ها ئه‌كادیمیاى كوردى كار بۆ جێبه‌جێ كردنى حوكمى مادده‌ى (4) له‌ ده‌ستوورى عێراق ده‌كات، كه‌ زمانى كوردى له‌پاڵ زمانى عه‌ره‌بی كردووه‌ به‌ زمانى فه‌رمی له‌ عێراقدا، ئه‌و كاره‌ش به‌بێ هاوكاریى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێ.

2011-12-08

ئه‌م بابه‌ته‌ 1097 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ هەینی, 07 ئازار 2014 14:53

« کانونی یەکەم 2019 »
٢ شەم ٣ شەم ٤ شەم ٥ شەم هەیینی شەممە ١ شەم
            1
2 3 4 5 6 7 8
9 10 11 12 13 14 15
16 17 18 19 20 21 22
23 24 25 26 27 28 29
30 31          

 

 

 

 

 

 

 

Copyright © 2013 Kurdish Academy. All Rights Reserved.