Homeگۆڤار گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی

گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ گۆڤارى ئەکادیمی هەینی, 06 حوزەیران 2014 10:57

گۆڤاری ئەكادیمیای

سەرنووسەر

گۆڤارێكی زانستی وەرزییە، باس و توێژینەوە لە بارەی كورد و كوردستانەوە بڵاودەكاتەوە. زمانی سەرەكی گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی، زمانی كوردییە، بەڵام باس و لێكۆڵینەوە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیش بڵاودەكاتەوە. بۆ هەموو توێژینەوەیەكیش پوختەكەی بە هەردوو زمانەكەی دیكە بڵاودەكرێتەوە، واتا ئەگەر باسەكە بە كوردی بێت، ئەوا پوختەی عەرەبی و ئینگلیزی لەگەڵدا بڵاودەكرێتەوە، ئەگەر بە عەرەبیش بێت، ئەوا پوختەی كوردی و ئینگلیزی بۆ دەنووسرێت.

گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی بنەماكانی ڕێبازی لێكۆڵینەوەی زانستی ڕەچاو دەكات و ئەو باسانەی مەرجەكانی ئەو ڕێبازەیان تێدا پەیڕەو نەكراون پشتگوێ‌ دەخرێن و بڵاو ناكرێنەوە. بۆ ئەم مەبەستە توێژینەوەكان بۆ پسپۆڕان و شارەزایان دەنێردرێن بۆ ئەوەی هەلیانبسەنگێنن و ئەو باسانەی لە لایەن دوو هەڵسەنگێنەرەوە ڕەتدەكرێنەوە بڵاوناكرێنەوە. بۆ ئەوەی مافی توێژەران نەخورێت، توێژینەوەكان بۆ شارەزایانی متمانە پێكراو دەنێرین و بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدرێت نرخاندن و هەڵسەنگاندنەكان زانستی بن و دوور بن لە پەیوەندی و هەڵوێستی پێشوەختی پسپۆران لە نووسەران و ئامادەکارانی بابەتەکان.

لە تەك بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەی زانستی، کە لە لایەن پسپۆرانی کوردەوە ئامادەکراون، ناو بە ناو باس و توێژینەوەی گرنگی وەرگێڕدراویش لە گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی بڵاودەکرێنەوە. بابەتە وەرگێڕدراوەکان بریتین لە بەڵگەنامە و ڕاپۆرت لە بارەی کورد و کوردستانەوە لە سەردەمی مێژووی نوێ و هاچەرخدا. هەروەها توێژینەوەی گرنگی هەندێ لە کوردناسان و ڕۆژهەڵاتناسانیش دەکرێنە کوردی و عەرەبی و دەخرێنە بەردەم خوێنەری کورد. خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی ئەو کتێبانەی لە بارەی کورد و کوردستانەوە بە زمانی جیاواز بڵاودەکرێنەوە، لایەنێکی دیکەیە کە گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی بایەخی پێدەدات و هەندێ لە لاپەڕەکانی بۆ  تەرخان دەکات. 

گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی لە لایەن چەندین زانكۆی كوردستانەوە متمانەی زانستی پێ ‌دراوە و بۆ بەرزكردنەوەی پلەی زانستی مامۆستایان بەكاردێت. تا ئێستا ئەم زانكۆیانە متمانەی زانستییان بە گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی داوە: زانكۆی سەڵاحەدین، زانكۆی كۆیە، زانكۆی سۆران، زانكۆی ڕاپەرین و زانكۆی گەرمیان، هەوڵەكان بۆ وەرگرتنی متمانەی زانستی لەگەڵ زانكۆكانی تری هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمیش بەردەوامن.

لە دەسپێکدا ئەم گۆڤارە بە ناوی ( ئەكادیمی، گۆڤاری كۆڕی زانیاری كوردستان) دەردەچوو. ژمارەی یەكەمی لە ساڵی 2002 و ژمارەی دووەمی لە ساڵی 2004 دا دەرچوون. ئەو كاتە د. شەفیق قەزاز سەرنووسەری گۆڤارەكە بوو. لە ژمارە سێوە تا ژمارە حەوت خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر مارف خەزنەدار سەرنووسەری گۆڤاری ئەكادیمی بوو. لە ژمارە حەوتیشەوە تا ژمارە سێزدە دكتۆر موحسین محەمەد حوسێن سەرنووسەری گۆڤارەكە بوو. لە ژمارە چواردەوە خوالێخۆشبوو پڕۆفیسۆر محەمەد مەعروف فەتاح سەرنووسەری گۆڤاری ئەكادیمی بوو. مخابن ئەو زوو كۆچی دوایی كرد، بۆیە لە ژمارە پازدەوە جێگرەکەی پرۆفیسۆر جەبار قادر ئەركی سەرپەرشتی گۆڤارەكەی گرتە ئەستۆی خۆی. وەکو نەریتێکی زانستی و ڕێزلێنان لە یادی مامۆستای کۆچکردوو، ناوی پرۆفیسۆر محەمەد مەعروف وەکو سەرنووسەر لەسەر گۆڤارەكە بۆ ماوەیەکی دیکەش مایەوە.

لە ژمارە بیستەمەوە پرۆفیسۆر جەبار قادر بە فەرمی بوو بە سەرنووسەری گۆڤارەكە، كە ناوی گۆڕا بۆ (گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی). 

لە ژمارەی بیست و هەشتەمیشەوە دەستەی نووسەرانی گۆڤار هەندێ گۆڕانی بەسەردا هات و لەم بەڕێزانە پێكهێنرا: پرۆفیسۆر جەبار قادر" سەرنووسەر"، پرۆفیسۆر یوسف شەریف " جێگری سەرنووسەر"، پ. ی. د. ئازاد عوبێد بە سكرتێری گۆڤار دەستنیشان كرا. ئەندامانی دەستەی نووسەرانیش لە پرۆفیسۆر خەلیل عەلی موراد، پرۆفیسۆر هیمداد حوسێن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر ساجیدە فەرهادی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر هیمداد عەبدولقەهار و دكتۆر ڕەحیم قادر سورخی پێكهێنرا. تا ئێستا (ديسه مبه رى ٢٠١٤) گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی سى ژمارەی لێ‌ بڵاوكراوەتەوە و ئێستا لە سەر ژمارە (31) كار ده كري. لە دەستپێکدا نەدەتوانرا گۆڤارەکە لە کاتی خۆیدا دەربکرێت، ئەمەش کارێکی ئاسایی بوو بۆ بڵاوکراوەیەکی زانستی نوێ و دەزگایەکی تازە دامەزراو لە کوردستانی ئەو ڕۆژانەدا، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بە ڕێك و پێکی سێ مانگ جارێك بڵاودەبێتەوە و ساڵانە چوار ژمارەی لێ دەردەچێ کە بەسەر یەکەوە نزیکەی (٢٠٠٠) لاپەڕەن . 

زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی بابەتەکانیان لە گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی بڵاودەكەنەوە بریتین لە هەندێ لە ئەندامانی كارای ئەكادیمیای كوردی و مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان، هەرچەندە ناو بە ناو باس و توێژینەوەمان لە نووسەرانی دیكەشەوە بۆ دێن لە ناوخۆی كوردستان و دەرەوەی وڵاتیشەوە.

هەر لە دەسپێكەوە دوو بۆچوون لە ئارادابوون لە بارەی ئەوە بابەتانەی كە دەکرێ لە گۆڤارەی ئەكادیمیای كوردی بلاوبكرێنەوە، یەكەمیان ئەوە بوو، کە پێویستە هەموو باس و توێژینەوەیەكی زانستی بڵاوبكاتەوە. بەڵام بۆچوونی دووەم، كە پێی وابوو كە دەبێ‌ تەنها ئەو بابەت و باسانە بڵاوبکرێنەوە کە لە بارەی كورد و كوردستانەوە نووسراون. چونكە ئەوە بواری كار و بایەخپێدانی ئەكادیمیای كوردییە و دەیان گۆڤار و بلاوکراوەی دیکە لە کوردستان هەن کە دەتوانن ئەو بابەتە گشتییانە بڵاوبکەنەوە. لە ئەنجامدا ئەم بۆچوونەی دوایی پەیڕەو كرا، واتا ئەو بابەتانەی بڵاودەکرێنەوە تایبەتن بە زمان و ئەدەبی كوردی، مێژووی كورد و كوردستان،  و جوگرافیا و کۆمەڵگەی کوردەواری و میرات و کەلەپوری کوردان.

دوا ژمارەكانی گۆڤارەكە دەوروبەری (500) لاپەڕەن و تا ئێستا بەسەریەكەوە ژمارەی لاپەڕەكانی گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی گەیشتوونەتە نزيكه ى دوو هه زار لاپەڕە. تیراژی گۆڤارەكە هەندێ گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئێستا تەنها (500) دانەی لێ‌ چاپ دەكرێت، بەڵام لە ڕابردوودا جاری وا هەبووە (1000) دانە یاخود (750) دانەی لێ‌ چاپ كراوە.

لە گەڵ كاتدا هەوڵدراوە ئاستی زانستی، شێوازی دەرهێنانی گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی باشتر بكرێت و ناوەڕۆكەكەشی دەوڵەمەندتر بكرێت و قەبارەكەی شایستەتر بێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو بابەتانە بگرێتە خۆ کە توێژەرانی کورد بۆمانی دەنێرن. گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی سەرنجی نووسەرانی کوردی لە دەرەوەی وڵات و هەندێ جار پسپۆرانی بیانیشی ڕاکێشاوە و ناو بە ناو پەیوەندیمان پێوە دەکەن   و باس و بابەتمان بۆ دەنێرن.  

بایەخێکی تایبەتی دراوە بە زمان و ڕێنووسی گۆڤارەکە، هەوڵدراوە بابەتەکان بە ڕێنووسێكی یەكگرتوو و زمانێكی پاراو بن و لە ڕووی هەڵەچنییەوە مامۆستا شێرزاد فەقێ دوو جار بە وردی هەڵەچنی بۆ بابەتەکان دەکات، جاری یەکەمیان پێش نەخشەسازی و جاری دووەمیش لە دوای ئەوە. کاری نەخشەسازیش مامۆستای دەستڕەنگین کاك عوسمان باپیر دەیکات و ئەرکێکی زۆر دەکێشێت. شیلان جەلال کە ئەرکی پەیوەندی و ڕێکخستنی کاروباری گۆڤارەکەی لە ئەستۆیە و کاتێکی زۆریان بۆ تەرخان دەکات، بەشێکی گرنگی هەڵەچنییەکەش دەکات. بەبێ هاوکاری و شەونخونی ئەو بەڕێزانە و هەموو ئەوانەش کە لە ڕابردوودا لە گۆڤارەکە کاریان کردووە، ئەستەم بوو گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی بەم شێوەیە گەشە بکات. 

  لە دەسپێکدا گۆڤارەکە لە چەند چاپخانەیەك چاپ کراوە، بەڵام لە   ژمارەی (١٠)ەوە گۆڤاری لە چاپخانەی حاجی هاشم لە هەولێر چاپ دەكرێت. 

 

 

ISSN 2520-4106
بابه‌تی تر له‌هه‌مان به‌ش: گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی - ژمارە ١ »

« ئاب 2020 »
٢ شەم ٣ شەم ٤ شەم ٥ شەم هەیینی شەممە ١ شەم
          1 2
3 4 5 6 7 8 9
10 11 12 13 14 15 16
17 18 19 20 21 22 23
24 25 26 27 28 29 30
31            

 

 

 

 

 

 

 

Copyright © 2013 Kurdish Academy. All Rights Reserved.